١٩ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٢:٥١
تورکیا و رووسیا هێرشی ئاسمانیی هاوبەشیان لە سووریا ئەنجامدا

ەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەكەی بە هاوبەشی لەگەڵ فڕۆکەکانی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش لە شاری بابی باکووری سووریا.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەكەی بە هاوبەشی لەگەڵ فڕۆکەکانی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش لە شاری بابی باکووری سووریا.

ئەوە هێرشە ئاسمانییە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی سەربازییە، کە رووسیا و توركیا بە هاوبەشی لە سووریا ئەنجامی دەدەن.

سێرگێ رۆدسکۆی، ژەنەراڵ لە دەستەی ئەرکانی سوپای رووسیا ئاشکرای کرد، نۆ فڕۆکەی جەنگیی رووسی و هەشت فڕۆکەی تورکی لەئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون.

ژەنەراڵە رووسییەكە باسی لەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە رێککەوتن بووە لەگەڵ حکومەتی سووریادا.

هێرشەکە چەکدارانی داعشی لەشارۆچکەی باب کردووەتە ئامانج، کە بە دووری 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی حەلەب.

هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا هەمان شارۆچكەی بۆردوومان كردووە.

بەپێی راگەیێندراوێكی هێزی سەربازی توركیا، فڕۆكە جەنگییەكانی بەریتانیا هێرشەكەیان ئەنجامداوە و چەند ئامانجێكی داعشیان پێكاوە.

هێزە وشکانییەکانی تورکیا ماوەی چەند هەفتەیەکە هەوڵدەدەن شارۆچکەی باب کۆنترۆڵ بکەن، رەخنەشیان لە ئەمریکا گرتووە بەوەی هاوکاری پێویستیان ناکات، لەکاتێکدا سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر شاری باب لە دژی داعش ئەنجامداوە.

ماوەی پێنج مانگە ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی فوراتی لەلایەن توركیا دەستیپێکردووە. ئێستا شارۆچکەی باب ئامانجی تورکیایە و هەوڵ دەدات شارۆچکەكە کۆنترۆڵبکات، بۆ ئەوەی چەکدارانی داعشی تێدا دەربکات و رێگەش نەدات هێزە کوردییەکان لێی نزیک ببنەوە.

ئەو بەیاننامەیەی سوپای رووسیا نزیکبوونەوەی زیاتر لەنێوان رووسیا و تورکیا پیشاندەدات، کە هەردوولایان نێوەندگیرییان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا کرد، ئێستاش ئامادەکاری دەکەن بۆ بەڕێوەچوونی گفتوگۆ لەهەفتەی داهاتوودا لەبارەی رەوشی سووریا لە کازاخستان.